وەزارەتى شەهیدان: بە هۆى کۆڕۆناوە گەڕاندنەوەى رووفاتى ئەنفالکراوان بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوتووە

گوتەبێژى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان رایگەیاند بە هۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆناوە گەڕاندنەوەى ژمارەیەک رووفاتى ئەنفالکراوانى گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ هەرێمى کوردستان دواکەوتووە، بەڵام بەردەوام لەسەر هێلێن بۆ گەڕاندنەوەیان. فوئاد عوسمان، گوتەبێژى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بەر لە بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا، ژمارەیەک گۆڕى بە کۆمەڵ لە بیابانەکانى پارێزگاى سەماوەى خوارووى عێراق دۆزرانەوە، دواى بەدواداچوون دەرکەوت یەکێک لەو گۆڕانە کە 171 روفاتى ئەنفالکراوى تێدابوو، هاووڵاتیانى گەرمیان بوون و لە کاتى پڕۆسەکانى ئەنفال لەلایەن رژێمى بەعسەوە ئەنفالکرابوون”. راشیگەیاند: “دواى ئەنجامدانى رێککارەکان دەست بەکاربوونى تیمەکانى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بڕیاربوو لە نیسانى ئەمساڵدا ئەو رووفاتانە بگەڕێندرێنەوە کوردستان و لە مەراسیمێکى شایستەدا لە زێدى باب و باپیرانیان لە گەرمیان بە خاک بسپێردرێن، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا و رێککارەکانى خۆپارێزییەوە، گەڕاندنەوەى رووفاتەکان دواکەوت”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەشێوەیەکى زانستى و دیاریکردنى ناسنامەى قوربانیان، پڕۆسەیەکى زۆر وردە و کاتى زۆرى پێویستە چونکە DNA لە ئێسکەکان وەردەگیرێت و رەوانەى تاقیگەکان دەکرێت بۆ ناسینەوەیان”.