سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥) ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگاوبان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەردەبڕێ. مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “لەسەر داواکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی (٢٠٢٠/١٢/٨) نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و تیایدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥) ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین”. ڕاشیگەیاند: “تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ حەوت پڕۆژەی ستراتیژییە کە پێکهاتون لە، دروستکردنی رێگای دوو سایدی دووکان – چوارقوڕنە، پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکان بە بڕی پێنج ملیار دینار، هەروەها تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دووەمی رێگای (وارماوا، زەڕایەن، دەربەندیخان) و نۆژەنکردنەوەی سایدە کۆنەکان و تەرخانکردنی بڕی دوو ملیار دینار بۆ دروستکردنی پردی شانەدەری رێگای سەیدسادق لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێگای خێرای باشماخ – پێنجوێن لەگەڵ دوو یەکتربڕ (قۆناغی دووەم)”. گوتیشی: “هەروەها تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێگای سایدی دووەمی (دووکان – چوارقوڕنە) و پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکە بە درێژی 19کم(قۆناغی دووەم)، تەرخانکردنی بڕی حەوت ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێڕەوی دووەمی رێگای (هەڵەبجە – سەیدسادق) بە درێژیی (28.8)کم، لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی (10)ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دووەمی رێگای (کەلار – کفری)”. جەختیشیکردەوە، کە ئێستا بەشێک لەو پڕۆژانە کارکردن تیایاندا بەردەوامە و بەگەڕخراونەتەوە.