ناسڕ هەرکی: بەڵگەمان لایە كە عەرەبە هاوردەكان ناسنامە و گرێبەستی كشتوكاڵییان ساختە کردووە

ئەندامێكی کوردی پەرلەمانی عێراق زانیاری سەبارەت بە پێكهێنانی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق دەخاتە روو كە پێكهێندراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەویوزار لە سنووری كەركووك و دەوروبەری، دەشڵێ بەڵگەمان لەبەردەستە كە عەرەبە هاوردەكان گرێبەستی زەوی كشتوكاڵییان ساختە كردووە و دەیگەنینە جێگەی مەبەست. ناسڕ هەركی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئاشکرایە کە هەوڵێکی نوێی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە، ئێمەش رێگریمان لێی كردووە تا گەیشتە ئەوەی كە لیژنەیەكی پەرلەمانی دروست بكرێت بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق و بە ئەندامێتی چەند پەرلەمانتارێك كە منیش ئەندامی ئەو لیژنەیەم ئەمڕۆ دووشەممە 28/12/2020 یەكەمجار سەردانی شاری كەركووك دەكەین، كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكان دەکەین و دواتر سەردانی گوندی پەلكانەش دەكەین كە كێشەی گەورە لەوێ هەیە”. گوتیشی: “وابڕیارە ئەمڕۆ چاومان بە نوێنەرانی جووتیارانی داقووقیش بکەوێت بۆ ئەوەی لەنزیكەوە بزانین كێشەكان كە لەسەر زەوی جووتیاران دروست بووە چین، كێ خاوەن زەوییە و ئەوانە كێن كە بە زۆرداری دەیانەوێ زەوییەكان داگیر بكەن و پاشان لەسەر ئەنجامی سەردانەكەمان راپۆرتێك بەرز دەكەینەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانیش راپۆرتەكە بەرز دەكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت تاكو لەوێوە چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەو”. هەرکی راشیگەیاند: “ئێمە بەڵگەی زۆرمان دەستکەوتووە كە خزمەتی زۆر بە جووتیارانی كوردی ناوچەكە دەكات و هەروەها لێكۆڵینەوەمان كردووە كە عەرەبە هاوردەكان ساختەكارییان لە ناسنامەی باری شارستانی كردووە و هەروەها گرێبەستە كشتوكاڵییەكانیان ساختە كردووە و ئەوانەمان پێیە و سبەی لەبەردەم لیژنەكە هەمووی دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی بتوانین راپۆرتێكی تەواو ئامادە بكەین و ئێمە لایەنی جێبەجێكردن نیین، بەڵام هەوڵی خۆمان دەدەین كە كێشەكە چارەسەر بكەین و بەدواداچونی بەردەوام دەكەین و هەوڵ دەدەین ماڵ بۆ خاوەن ماڵ بگەڕێتەوە”.