باڵوێزی ئێران: بە دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکرێتەوە

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدای پایتەختی عێراق رایدەگەیەنێت، بە دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق، تۆڵەی فەرماندەی سوپای قودسی وڵاتەکەی دەکرێتەوە. ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقی، رایگەیاندووە، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ”دۆستێکی کۆنی ئێرانە و پەیوەندیی باشمان لەگەڵی هەیە“. ئیرەج مەسجدی هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی نایەوێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بکات و ”هەرگیز سیاسەتی خۆمان بەسەر عێراقدا نەسەپاندووە“. لەبارەی پەیوەندیی وڵاتەکەی بەو گرووپانەی باڵوێزخانەی ئەمریکا مووشەکباران دەکەن، باڵوێزی ئێران رایگەیاندووە، ”نازانین کێ باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆردومان دەکات، ئێمە بۆ ئەو کارە پاڵپشتیی کەس ناکەین و نامانەوێ عێراق بکەینە گۆڕەپانی شەڕەکەمان لەگەڵ ئەمریکا“. ئیرەج مەسجدی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی وڵاتەکەی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە ”تاوانێکی مێژوویی“ ناو بردووە  رایگەیاندووە، ”ئێران مافی تۆڵەکردنەوەی هەیە“. مەسجدی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تۆڵەکردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی مەرج نییە هەر بە رێگای سەربازی بێ، ”دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق تۆڵەکردنەوەی خوێنی سولەیمانییە“. بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.