وەڵامێك لە (باسنیوز)ەوە بۆ (تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان)

ماڵپەڕی (تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان)ی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بە حساب میدیای فەرمیی یەكێتییە، لە بابەتێكیدا كە بە ناوی (بەشی هەواڵ و بەداواداچوون)ی خۆیەوە بڵاوی كردووەتەوە کە دواتر ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)یش بابەتەکەی بڵاو کردەوە، هێرشێكی توندی كردووەتە سەر ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)، هەرچەند یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو كەناڵە لە بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتە ئەوەیە كە لەڕێگەی هێرشكردنە سەر (باسنیوز) و ناوهێنانی ئاژانسەكەمانەوە، بڕێك لایك و بینەر بۆ خۆی كۆ بكاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بابەتەكە سەرلەبەری شتی بێمەعنا و ناماقووڵە، بەلامانەوە گرنگ بوو خەڵكی كوردستان راستییەكەی بزانن، بۆیە ئەم روونكردنەوەیە دەدەین، دەنا دەزانین ئەوانەی ئەو بابەتەیان نووسیوە، خۆیان باش دەزانن چ ناماقووڵییەكیان كردووە.لە راستیدا ئێمە لە (باسنیوز) نەمانزانیبوو ئەسڵەن كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی ماوە بەناوی (كەناڵی گەلی كوردستان)ەوە، تا بە سوپاسەوە هەندێ لە خوێنەرانمان لینكی ئەو بابەتەی ماڵپەڕی ئەو تەلەڤزیۆنەیان بۆ ناردین! ئینجا دێینە سەر وەڵاممان بۆ ناماقووڵیەكانی ئەو كەناڵە: ١- ماڵپەڕی تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان، لەبارەی ئێمەوە نووسیویەتی (گوایە ئێمە خۆمان ماڵمان لە شووشەیە و بەرد لە ماڵی خەڵك دەگرین!) سەیرە… ئێوە خۆتان تەلەڤزیۆنی گرووپێكن كە پێیان دەگوترێت (تاقمی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر) لاهووری نیو سەرۆكتان و سەردەستەی گرووپی خیانەت، بە دانیشتنێک كەركووك و خانەقین و خورماتوو و هەموو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی فرۆشت، لاهووری نیو سەرۆكتان لە رۆژی ١٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە لەگەڵ چەند سەركردەیەكی حەشدی شەعبییدا، نەوتی كەركووك دەدزن و بە قاچاخ ئاودیوی ئێرانی دەكەن، نیو سەرۆكتان ئێستا قاچاخچیی مەرزەكانە و شەو تا بەیانی، مانگانە بایی سەدان ملیۆن دۆلار خۆراكی ئێكسپایەر و مادەی قەدەغە و قاچاخ دەهێنێتە كوردستانەوە و دەیان ملیۆن دۆلار لە گومرگی مەرزەكان دەدزێ بۆ خۆی، نیو سەرۆكتان دەستی سوورە بە خوێنی دەیان كەس و تەنانەت پێشمەرگە و كادیری یەكێتییش، كەچی هێشتا ئێوە بە خەڵك دەڵێن: (ماڵتان لە شووشەیە!)، بەڕاست پرسیارێك: ئەرێ ئێوە بەڕاستتانە كە نیو سەرۆك بە (رەمز) ناو دەبەن؟! یەكێتییەك كە مام جەلال (یادی بەخێر) رەمزی بوو، ئێستا گەیشتە ئەوەی لاهووری نیو سەرۆك بە رەمز بزانێت؟! ٢- باسی (راستگۆیی لە دۆستایەتی) و تۆمەتی (دەمپیسی) دەكەن؟ بەڕاست ئێوە ئاگادارن كە لەوەتەی ئەو نیو سەرۆكەتان بە تەزویر و ھەڕەشە لە كۆنگرە دەرچووە، لەوەتەی ئەو لاهوورە پارەی نەوتی كەركووك و مەرزەكانی كەوتووەتە بەردەست، بۆ چركەیەكیش خۆی و میدیا و پەیج و ماڵپەڕ و كاسەلێسەكانی دەوروبەری، نەیانزانیوە (راستگۆیی و دۆستایەتی) چییە؟ ئەرێ لە هەموو كوردستانی گەورە و لەنێو كوردانی هەندەرانیشدا، ماڵپەڕ هەیە هێندەی وێبسایتەكانی (میللەت پرێس، ئاژانس، لڤین، ژیان، كۆباس، ئاژانسی وڵات، مۆر و دەیانی تر) كە هەر هەموویان هی لاهووری نیو سەرۆكن و بە پارەی نەوتی دزراو و قاچاخچێتی و چەتەگەری و دزین لە قووتی خەڵك، پارەیان بۆ سەرف دەكرێ، میدیای كوردی هەیە دەمی لەو میدیایانە پیستر بێت و لەوانە درۆزنتر بێت؟ چما فەخامەتی نیو سەرۆك و میدیاكانی و كاسەلێسەكانی، رۆژێك لە رۆژان شەڕی میدیاییان راگرتووە، رۆژێك لە درۆكردن و دەمپیسی كەوتوون تا خەڵكی تر بێدەنگ بن، بیرتان نایە ماوەیەك لەمەوبەر كۆمپانیای (فەیسبووك) چەند پەیجی ساختە و ماڵپەڕی جنێوفرۆش و تەشهیركەری لێ داخستن؟ زۆر گرنگە خۆتان و نیو سەرۆكیشتان دڵنیا بن، لەمەودواش بەرامبەر هەر درۆ و دەلەسەیەك كە ئێوە و تاقیمی نیو سەرۆك و میدیاكان و كاسەلێسەكانی دەوری بڵاوی دەكەنەوە، دەیان بەڵگە و راستی بڵاو دەكەینەوە، چونكە ئەو تیرۆرە فیكرییەی لە بن دەسەڵاتی نیو سەرۆكدا بۆتان دەچێتە سەر، لە شوێنی تر بۆتان مەیسەر نابێت و خەڵك وەڵام دەداتەوە، بێگومان هەر بەو زمانەی خۆشتان، چونكە دیارە تەنیا لەو زمانە دەگەن. ٣ – باس لە خەمخۆریتان بۆ تەبایی و ئاشتی و هاوپەیمانی دەكەن؟ مادام وایە راستییەك هەیە بیزانن، لاهووری نیو سەرۆك و كاسەلێسانی دەوری و میدیا دەمپیسەكانی سەر بەو، ئەمە كاری ئێستایان نیە، ئەوە چەندین جارە هەرچی خراپە دەینووسن و لە نزمترین ئاستی زمانپیسیدا هێرش دەكەن و پەلامار دەدەن، كەچی هەر كە بە بڵاوكردنەوەی دوو بەڵگە و دوو هەواڵ وەڵامیان دەدرێتەوە، ئیتر هاواریان لێ هەڵدەستێ و بەرامبەرەكەیان بە دەستپێشخەر پیشان دەدەن و دەڵێن هەڵمەت راگرن. ٤- مادام هەر باسی خەمخۆری و وڵاتیش دەكەن، گرنگە ئەوەش بزانن، نیو سەرۆكێك كە خیانەتی لە میللەتی خۆی كرد و خاكی فرۆشت، هەرچی شتی خراپ هەیە لەدەستی دێت، بۆیە ئێستا خۆی و گرووپەكەی دوای كەركووك و ناوچەكانی تر، بەتەمای فروشتنی سلێمانین. با خەڵك بەشایەد بێت، پێویست ناکات ئەو تاقمە پاساو بۆ ئەو خیانەتە بێننەوە و خۆبەدەستەوەدان بکەنە خەتای کەس. بەڕێز قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستانكارە لەگەڵ بەغدا، هەمووش دەزانن دەسەڵاتدارانی عێراق جگە لە تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە هیچی تر رازی نیین، كەچی نیو سەرۆکەکەی ئێوە، ماوەیەکە ئامادەکاری بۆ فرۆشتنی سلێمانی دەکات، ئیدی بۆچی دەتانەوێ رووی رەشتان بە درۆ و بوختانکردن و خەتابارکردنی خەڵکی تر سپی بکەنەوە؟ خەڵكی كوردستان دەزانن، ماوەیەكە بڕیاری خۆبەدەستەوەدانتان داوە، بەڵام گرنگیشە لە خۆتان بپرسن: لە کەرکووک چیتان دەست کەوت تا لە فرۆشتنی سلێمانی زیاترتان دەست بکەوێت؟ دڵنیا بن، خەڵک چیتر لێتان قبووڵ ناکات وڵات بفروشن و خیانەت بکەن و بۆشتان بچێتە سەر، یان دزی بكەن و موزایەدەی مافی خەڵك بكەن! ٥- لە كۆتاییدا دەڵێین: دیارە دڵتان بەوە خۆشە كە كاتێك ئێمە لە (باسنیوز) هەواڵێك بڵاو دەكەینەوە، گوایە جنێوی زۆرمان بۆ دێ لەڕێی كۆمێنتەكانی فەیسبووكەوە! ئەشهەدوو لەمەیەندا راست دەكەن، بەڵام ئەمەش دوو راستیی گرنگ ئاشكرا دەكەن:یەكەم – هەموو ئەوانەی كە لە سۆشیال میدیادا جنێو دەدەن و لە نزمترین ئاستی رەوشتی نووسیندان، هەواداری نیو سەرۆكن چونكە مووچەی (جنێوانە) وەردەگرن و جەنابی نیو سەرۆك لەپای ئەو جنێوانە، جار جار ئامێری مۆبایلیشیان بەدیاری بۆ دەنێرێت.دووەم- دیارە كە (باسنیوز) لە شوێنی خۆی و وەكوو پێویست وەڵامی نیو سەرۆك و تاقمەكەی دەداتەوە، بۆیە ئەو هەموو جنێوەی بۆ دێت. ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)