ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری لە کەنداو کشاندەوە

كریستۆفه‌ر میلله‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌‌مریكا به‌وه‌كاله‌ت بڕیاری داوە كه‌ كه‌شتی فرۆكه‌هه‌ڵگری (یو ئێس ئێس نیمیتز) له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌ ئه‌مریكا. ئامانجی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پێنتاگۆن بۆ ئه‌وه‌یه‌، له‌مكاته‌دا ئاڵۆزییه‌كان له‌ ناوچه‌ی كه‌نداو كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئێرانیش به‌ جیهانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ناكه‌ن له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، به‌رامبه‌ر بە ئه‌‌مریكا شه‌ڕ هه‌ڵگیرسێنن، به‌ڵام بۆ هه‌موو به‌رگرییه‌ك ئاماده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واشنتۆن ترسی له‌ گرووپه‌ ملیشیاییه‌كانی عێراق نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ و هۆشداری له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ده‌ده‌ن. قاسم سوله‌یمانی به‌هۆی بۆردومانێكی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكا به‌ بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ له‌ رۆژی 3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2020 له‌گه‌ڵ پێنج كه‌سی دیكه‌دا لە فڕۆکەخانەی بەغدا كوژران. یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی عێراقی بوو، كه‌ نزیكه‌ له‌ ئێران. به‌پێی قسه‌ی لێپرسراوانی ئێران، تا ئێستا نه‌توانراوه‌ شوێنی سوله‌یمانی پڕ بكرێته‌وه‌ و ئیداره‌ی تره‌مپیش پێیوایه‌ سوله‌یمانی یه‌كێك بووه‌ له‌ بێبه‌زه‌ییترین كه‌سه‌كانی ئێران و به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی سه‌دان ئه‌مریكی و كه‌سی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام چه‌ندین ساڵ دەستێوەردانی لە‌ كاروباری عێراق، سووریا، لوبنان و یه‌مه‌ندا دەکرد. به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی (ئه‌سۆشیتیدپرێس) بڕیاره‌كه‌ی پێنتاگۆن دوای رۆژێك له‌ گه‌شتی راسته‌وخۆی فڕۆكه‌ی زه‌به‌لاحی جه‌نگی بی-52 دێت بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو. له‌كاتێكدا بۆ پیشاندانی هێزی ئه‌‌مریكاش، فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن ئامانج ته‌نیا ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێرانه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر هێزه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا. بۆیه‌ وا نیشان درا كه‌ كه‌شتیی فڕۆكه‌هه‌ڵگری (یو ئێس ئێس نیمیتز) له‌ رۆخی كه‌ناره‌كانی خۆرئاوای ئه‌مریكاوه‌ ره‌وانه‌ی كه‌نداو بكرێت كه‌ له‌وه‌ ده‌چوو ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بێت كه‌ وا پێویست بكات بۆ خستنه‌ڕووی هێز له‌به‌رامبه‌ر په‌رچه‌كرداری ئێران.  ئه‌م بڕیاره‌ له‌ دوو رۆژی رابردوودا بووه‌ هۆی دابه‌شبوونێكی ناوخۆیی له‌ دامه‌زراوه‌كانی به‌رگریی ئه‌مریكا كه‌ ئێرانی زیاتر په‌لكێش كردووه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر لە ئەگەری لێدانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كۆتا رۆژانی ئیداره‌ی ترەمپدا. به‌پێی زانیاریی ئاژانسی (ئه‌سۆشیتید پرێس) له ‌كاتی راگه‌یاندنی بڕیاری گەڕانه‌وه‌ی كه‌شتیی فرۆكه‌هه‌ڵگری (یو ئێس ئێس نیمیتز) له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بۆ بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌ ئه‌مریكا، میلله‌ر هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ ترسی ئێران نه‌داوە. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام بووه‌ له‌ ناردنی كه‌شتییه‌ فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كانی بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو و له ‌دوای جێگیركردنی كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری یو ئێس ئێس ئه‌براهه‌م لینكۆڵن له‌ ئایاری 2019 له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ترسانه‌ی كه‌ ئێران دروستی كرد له‌سه‌ر ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ی كه‌نداو، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا فڕۆكه‌ی تری ناردنه‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌ستی كرد به‌ نوێكردنه‌وه‌ و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ سعوودیه‌. به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی (CNN) به‌هۆی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی فراوانی لێ ده‌كرێت. ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات په‌رچه‌كدارێكی هێمنی هه‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژی كه‌ ئێران بیگرێته‌ به‌ر. زیادبوونی رێوشوێنه‌ ستراتیژییه‌كانی هه‌ردوولا به‌هۆی گوڕانكاریی له‌ واشنتۆن له‌ ئیداره‌ی تره‌مپ-ه‌وه‌ بۆ ئیداره‌ی بایدن كه‌ ده‌شێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران جیاواز بێت.  وای كردووه‌ كه‌ هه‌ردوولا سڵ له‌ شه‌ڕ بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی پێنتاگۆن پێیانوایه‌ گرژییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به‌و پله‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكوو له‌لایه‌ن تره‌مپ-ه‌وه‌ گه‌وره ‌كراوه‌. كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری (یو ئێس ئێس نیمیتز) كه‌ درێژییه‌كه‌ی 333مه‌تره‌ و پانییه‌كه‌ی 77 مه‌تره‌، توانای هه‌ڵگرتنی 90 فڕۆكه‌ی جه‌نگی و تیمێكی 5680 كه‌سی هه‌یه‌. كێشی كه‌شتییه‌كه‌ 97هه‌زار تۆن-ه‌، دوو بزوێنه‌ری ئه‌تۆمی هه‌یه‌ كه‌ وای كردووه‌ به‌ خێرایی 56 كیلۆمه‌تره‌ له‌ كاتژمێرێكدا بڕوات.