گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ھەموو ئەو ھاووڵاتـییانەی مامەڵەی گەڕانەوەی قەرزی کارەبایان کردووە و پارەکەیان پێش وادەکە نەگەڕاندووەتەوە، لێخۆشبوونی ١٥%ی قەرزەکە دەیانگرێتەوە. ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەی گەڕانەوەی قەرزی کارەبا و لێخۆشبوونی ١٥%ی قەرزەکەی بۆ کۆتایی ساڵ بۆ ھاووڵاتییان درێژ کردەوە، ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی بەدەم بڕیارەکەوە ھاتن و قەرزکەیان گەڕاندنەوە، لەبری لێخۆشبوونەکە کە ١٥% بوو، سوودمەند بوون”. گوتیشی: “ھەندێک ھاووڵاتی مامەڵەی گەڕانەوەی قەرزەکەیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا کردووە، بەڵام بەھۆی ھاتنە پێشەوەی پشووەکانی سەری ساڵ، نەیاتوانیوە پارەکە بگەڕێننەوە، بۆیە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە کە دەوام دەست پێ دەکاتەوە، دەتوانن پارەکە بگەڕێننەوە و لێخۆشبوونەکە بە ھەمان بڕ دەیانگرێتەوە”. ئومێد ئەحمەد ئاشکراشی کرد: “تا ئێستا دیار نییە جارێکی دیکە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەکە بە ھەمان بڕ یان زیاتر و کەمتر درێژ دەکرێتەوە، یان دەوەستێت و ئاسایی و وەک پێشوو ھاووڵاتی دەبێت تەواوی قەرزەکەی بگەڕێنێتەوە”.