ئاگرێک لە بازاڕی گەورەی حلە کەوتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی گەورەی حلە کەوتەوە و 12 گرووپی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کوژاندنەوەی بوون. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی حلە رایگەیاند، بە هۆی گڕگرتنی موەلیدەیەکی گاز لەسەر بانێکی شوێنێکی بازرگانی، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی گەورەی حلە کەوتەوە و دواتر 5 کۆگای بازرگانی گڕیان گرت، کە پۆشاک و قوماشیان تێدا بووە، بۆیە بەرگریی شارستانیی حلە 12 گرووپی ئاگرکوژێنەوەی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە تەرخان کرد و توانییان ئاگرەکە بکوژێننەوە. لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی حلەدا هاتووە: ”ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام زیانی ماددی بەر بەشێک لە دووکاندارەکان گەیشتووە“.ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: ”موەلیدەیەکی گازی لەسەر بینایەکی بازگانی دوای هەڵگیرسانی گڕی گرتووە، پاشان ئاگرەکە دزەی کردووەتە ناو دوکانەکانی قوماش و تەواوی نهۆمەکە سووتاوە“.