کۆمپانیای تویتەر هەژماری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، کە رۆژی 20-1-2021 ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بە تەواوی دەسڕێتەوە. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، لە سەرەتای دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی وڵات لە 20-1-2017ـەوە، بەردەوام هەڵوێستە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاو دەکردەوە. بەهۆی داواکردن لەلایەنگرانی بە خۆپیشاندان، کە توندوتیژییان لێکەوتەوە، هەفتەی رابردوو تویتەر چەند تویتێکی دۆناڵدترەمپی سڕییەوە. ئەمڕۆ شەممە 9-1-2021، تویتەر هەژماری دۆناڵد ترەمپی بە تەواوی سڕیوەتەوە، کە زیاتر لە 88 ملیۆن فۆڵۆوەری هەبوو. شەوی چوارشەممە 6-1-2021 (بە کاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا داوای لە لایەنگرانی خۆی کرد لەبەردەم کۆنگرێسی ولاتەکەیان لە واشنتن کۆببنەوە و دەست بە خۆپیشاندان بکەن. لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و دەستیان بەسەر باڵەخانەی کۆنگرێسی وڵاتەکەیاندا گرت. دۆناڵد ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی رۆژی 3-11-2020 بەرامبەر جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان شکستی هێنا و تا دوو رۆژی رابردوو، دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نەنابوو و بەردەوام رایدەگەیاند، کە لەو هەڵبژاردنەدا ساختەکاری بۆ بەرژەوەندیی بایدن کراوە.