فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ڕای گەیاند، دوای دوو مانگ لە ونبوونی، تەرمی پەنابەرێکی کورد لە ڕووبارێکی ئەڵمانیا دۆزرایەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 10/1/2021، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، کە دوای ئەوەی پەنابەرێکی کورد بەناوی ئەیاس حەسەن ھەرکی، لە ڕۆژی 13/11/2020 دەچێتە سەر ڕووباری راین، لە کەناری رووبارەکە بۆ ماوەیەک دەمێنیتەوە و دواتر بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ ھەواڵی نامێنێت و ون دەبێت. بەپێی ڕاگەیاندراوی فیدراسیۆنەکە، دوای ئەوەی ھەواڵێک لەماڵپەری پۆلیسی شاری کۆڵن سەبارەت بە دۆزینەوەی تهرمێك لە رووباری ڕاین بڵاو دەبێتەوە، كهسێكی نزیكی ئەیاس پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات و دوای وردەکاری بۆیان روون دەبێتە کە تهرمی ناوبراوه، بۆیە پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ دڵنیابوونی زیاتر، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دەکەن. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکە و کاری پێویست، تەرمی کۆچبەرە کۆچکردووەکە دەگەڕێندرێتەوە زێدی خۆی له كوردستان.