سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى رووبەربووبوونەوەی گەندەڵى ستراتیژێکى پێنج ساڵەمان ئامادە کردووە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کراوە بۆ پەسەندکردنى. د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بە هاوکارى چەند رێکخراوێکى بیانى و شارەزاى بوارى رووبەرووبوونەوەى گەندەڵى لە وانەش رێکخراوەکانى UNDP و ODCى نەتەوە یەکگرتووەکان، ستراتیژێکى پێنج ساڵەمان ئامادە کردووە بۆ رووبەرووبوونەوەى دیاردەى گەندەڵى لە هەرێمى کورستان، ئێستا پڕۆژەکە رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کراوە بە مەبەستى پەسەندکردنى”. راشیگەیاند: “پڕۆژە ستراتیژەکەى دەستەى دەستپاکى لەلایەن لێژنەى یاسایی ئەنجوومەنى وەزیرانەوە وردبینى بۆ دەکرێت، دواى پێداچوونەوەى دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران بۆ پەسەندکردنى و جێبەجێکردنى لە هەرێمى کوردستان”. ئەوەشى خستەڕوو” یەکێک لە هێڵە گشتییەکانى کابینەى نۆیەم رووبەرووبوونەوەى گەندەڵییە،ستراتیژەکەى ئێمەش لەگەڵ هێڵە گشتیەکانى ئەم کابینەیە یەکدەگرێتەوە و هەموو لایەک هاوکار دەبین بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و ئەنجامدانى چاکسازى”.