پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر سەبارەت بە دەرھێنانی جۆرە مۆڵەتێکی شوفێری ھۆشداریی دەدات

گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ڕایگەیاند ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی دەکرێت، بەڵام ئەو مۆڵەتە ساختەیە و پێویستە هاووڵاتیان ئاگادار بن. فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت بانگەشەی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر بڕە پارەیەک دەکرێت و ریکلامی بۆ دەکرێت، ئێمە وەک پۆلیسی ھاتوچۆ ڕایدەگەیەنین کە دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری تەنیا لە فەرمانگە تایبەتەکانی ھاتوچۆ دەبێت نەک کۆمپانیا و نووسینگە و کەرتی تایبەت و سۆشیاڵ میدیا،بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان لە پێدانی پارە بەو مۆڵەتە بپارێزن چونکە لەھیچ وڵاتێک بەو جۆرە مۆڵەتە کار ناکرێت”. گوتیشی: “ھەر کەسێک بیەوێت مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی دەربھێنێت پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھاتوچۆ بکات و مۆڵەتی شۆفێری خۆی و پاسپۆرتی فەرمی پێبێت و دوای مامەڵە و کاری پێویست،بۆ ماوەی ساڵێک مۆڵه‌تی شوفێری پێدەدرێت”.