له‌ هێرشه‌كه‌ی چه‌كدارانی داعش بۆ گوڵاڵە پۆلیسێك گیانی له‌ ده‌ست دا

 گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، ئاشكرای كرد به‌ هۆی هێرشەكەی شه‌وی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش له‌ گوڵاڵه‌، پۆلیسێك گیانی له‌ ده‌ست داوه‌ و دوو پۆلیسیش بریندار بوون. ئەمڕۆ شەممە 16ی 1ی 2021، نیهاد محەمەد،  گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بە هۆی ئەوهێرشەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گەڕەكی شەهیدانی ناحیەی گولاڵە ئه‌نجامیان دا، پۆلیسێك كوژراوە و دوو پۆلیسی تریش برینداربوون.” ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، كه‌ نەزانراوە داعش چۆن دزەی كردووەتە ناو ئەو گەڕەكە و بەرەنگاری هێزەكانی پۆلیس بوونەتەوە و ناشزانرێ دواتر چۆن هەڵاتوون. هێمن مەحموود، شارەزای سەربازی لەگەرمەسێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەوە یەكەمجارە داعش دزە بكاتە ناو گوڵاڵە و  بەرەنگاری هێزە ئەمنییەكان ببێتەوە.” دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ ئەوه‌ پەیامی داعشە بە شێوەیەك توانای خۆرێكخستنەوەی هەیە و دەتوانێ بێتە ناو سەنتەری ناحیەكەوە.