لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك، تیرۆریستێكی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا. عەمید فەتاح مەحموود، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای حەویجە، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی2ی2021 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوێنێ لەلایەن هێزەكانی هەواڵگریی فیرقەی 14ی سوپای عێراقەوە، لە ناحیەی زابی سەر بە حەویجە تیرۆریستێكی داعش كە تازە لە توركیا گەڕابووەوە دەستگیر كراوە.” گوتیشی: “ئەو تیرۆریستە لە دەرەوەی وڵات و لە توركیا سەرپەرشتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تایبەت بە تیرۆریستانی داعشی كردووە.” بەڕێوەبەری پۆلیسی حەویحە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “ئەو تیرۆریستە لە ساڵانی ڕابردوو یەک لەو کەسانە بووە کە ئاسانكاریی بۆ ئەو چەکدارانەی داعش كردووە كە ڕوویان لە توركیا كردووە.”