ئەمڕۆ دووشەممە جەنەراڵ موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی كۆماری ئیسلامی رایگەیاند ئێستا ئێران دەسەڵاتی بەسەر ٥٠٠ ملیۆن مرۆڤدا هەیە لە ٢٥ وڵاتی جیهاندا. ماڵپەڕی هەواڵی “ئیقتیساد نیوز”ی ئێرانی لە زاری رەزایی گواستەوە كە ئێران دەسەڵاتی بەسەر ٥٠٠ ملیۆن مرۆڤدا هەیە لە ٢٥ وڵاتی جیاوازی جیهاندا و ساڵانە بایی ٨٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریكی مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵدا دەكات. ڕەزایی كە بە یەكێك لە بەرپرسە دەستڕۆیشتووەكانی كۆماری ئیسلامی دادەندرێت و كەسایەتییەكی نزیكە لە عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی، لە وتەكەیدا ناوی ئەم ٢٥ دەوڵەتەی نەهێناوە كە وەك خۆی دەڵێ وڵاتەكەی دەسەڵاتدارە بەسەر چارەنووسی خەڵكەكەیانەوە. ئەمینداری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی كۆماری ئیسلامی لە وتەكەیدا كە ئەمڕۆ لە شاری زنجان، لە ساڵیادی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوەش داوە كە لەم سەردەمەدا ئێران بووەتە یەكێك لە زلهێزەكانی جیهان و مانگی دەستكرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكەن، یۆرانیۆم دەپیتێنن و چوونەتە ناو یانەی چەكی ئەتۆمیەوە. هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە ئەمڕۆ جیهان ناتوانێ بەر بە پێشكەوتنەكانی ئێران لە بوارە جیاوازەكاندا بگرێت، بۆیە شەڕی ئابوورییان پێدەفرۆشن.