سەرچاوەیەکی کوردی سووریا ئاشکرای کرد، بەم زووانە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەنێوان رژێمی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە نێوەندگیریی و چاودێریی رووسیا بەڕێوەدەچێ. سەرچاوەکە، کە نەیویست ناسنامەی ئاشکرا بکرێ، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”هێزەکانی سووریای دیموکرات و رژێمی سووریا، بە نێوەندگیریی رووسیا، سەبارەت بە چارەنووسی وڵات گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆ“. گوتیشی: ”لە دیدارەکاندا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەسەر کێشە چارەنووسسازەکانی وڵات“. سەرچاوەکە روونیشی کردەوە: ”گرنگترین بڕگە بریتییە لە گفتوگۆ سەبارەت بە بەیاساییکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە وڵاتدا“. ئاشکراشی کرد: ”بڕگەی دووەم، لە گفتوگۆی نێوان هەر دوولا، باس لە ئیدارەی خۆسەر دەکا لەمیانەی پێشخستن و فراوانکردنی یاسای 107دا“. سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”لە ماوەیەکی نزیکدا، بە چاودێریی رووسیا گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا دەست پێدەکاتەوە“. گوتیشی: “ئەمە هەمووی لەبەرامبەر پاڵپشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتە بۆ رژێم لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی، کە بڕیار وایە لە مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجام بدرێ”. هێزەکانی ئاسایش لە ئیدارەی خۆسەر، کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی PYD سەرپەرشتیی دەکات، سێ شەمەی رابردوو رایگەیاند، دوای نێوەندگیریی رووسیا، لە حەسەکە و قامشلۆ گەمارۆی ئەمنیی لەسەر رژێم هەڵئەگرێ.