‘وەزارەتی شارەوانی سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ ئەوەی لە بەشێکی قەرزی ئاوی هاووڵاتیان خۆشبێت’

ئەندامێکى لیژنەى شارەوانیی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند کە لەگەڵ وەزارەتى شارەوانى لەسەر هێڵن بۆ ئەوەى میکانیزمێکى گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەوەى حکوومەت لە بەشێکى قەرزى ئاوى ماڵان خۆشبێت، چونکە هاووڵاتیان قەرزێکى زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە. کلارا عۆدیشۆ، ئەندامى لیژنەى شارەوانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: ” دواى ئەوەى پێوەرى زیرەک بۆ ئاوى ماڵان داندرا، ژمارەیەکى زۆر هاووڵاتى گلەییان لە سیستەمەکە کرد بەوەى مانگانە بڕە پارەیەکى زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە لەبەرامبەر بەکارهێنانى ئاودا، دواى بەدواداچوونى لیژنەکەمان دەرکەوت گلەیی ئەو هاووڵاتیانە لە شوێنى خۆیەتى و بەشێک لەو پێوەرانە وەکو پێویست کار ناکەن”. راشیگەیاند: “دواى ئەوەى وەزارەتى شارەوانى لە چەند رۆژى رابردوو کۆنفرانسێکى ئەنجامدا بۆ رێکخستنەوەى داهاتەکانى، ئێمە لەو کۆنفرانسە پێشنیازى ئەوەمان کرد پێداچوونەوە بە سیستەمى پێوەرى زیرەکدا بکرێت و ئەو پێوەرانەى کوالێتیان خراپە بگۆڕدرێن بە پێوەرى باشتر، چونکە ئەم پێوەرانە گرفتى گەورەیان بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە، لۆژیک نییە کرێى ئاوى دوو مانگ چەند ملیۆن دینار بێ”. ئەوەشى خستەڕوو” دواى پێشنیازەکەى ئێمە وەزیرى شارەوانى لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى ئاو و ئاوەڕۆکان هاتنە سەرهێڵ، بۆ دۆزینەوەى میکانیزمێکى گونجاو بۆ ئەوەى حکوومەت لە بەشێکى ئەو قەرزە خۆشبێت کە لەسەر هاووڵاتیان کەڵەکە بووە و چارەسەرێکی یەکجارەکیش بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە”.