ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی کوردستان دەڵێ، تۆمارکردنی تەنیا یەک حاڵەتی کۆڕۆنا، نابێتە هۆی داخرانی قوتابخانەیەک بە تەواوی، بەڵکو ئەوە بەشێوەی هەنگاو دەکرێت. د. زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و فڕاکسێۆنی پارتی لە پەڕلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “تۆمارکردنی تەنیا یەک حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆڕۆنا نابێتە هۆی تووشبوونی سەرجەم خوێندکاران بە پەتاکە، ئەگەر هات و حاڵەتەکانی تووشبوون ڕوو لە هەڵکشان بوون، ئەوکات قوتابخانەکە دادەخرێت، واتە ئەگەر حاڵەتی تووشبوون بە کۆڕۆنا تۆمار بکرێت ڕاستەوخۆ قوتابخانەکە داناخرێت و خوێندکاران بێبەش ناکرێن لە خوێندن بەڵکو لەسەرەتادا ئەو پۆلە دادەخرێت کە حاڵەتەکەی لێ تۆمار کراوە، پاشان ئەگەر حاڵەتەکان زیادی کرد بە یەکجاری قوتابخانەکە دادەخرێت و تا ئێستاش هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیەمان نەبووە”. ناوبراو ڕاشیگەیاند: “چاوەڕێ دەکەین لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا کۆبوونەوە و هەڵسەنگاندنی خۆیان بکەن کە وا بڕیارە لە پاش 23/2/2021 کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت، ئەوکات بڕیار لەبارەی کردنەوەی دایەنگە و باخچەی منداڵان دەدرێت، چونکە بڵاوبوونەوەی تۆمارکردنی حاڵەتێکی کۆڕۆنا لە قوتابخانەیەکی قەزای مێرگەسۆر ترس و دڵەڕاوکێی لە نێو قوتابیاندا دروست کردووە، ئەگەر تاوەکو 23 ئەم مانگە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای کۆڕۆنامان نەبوو، ئەوکات بڕیار لەسەر کردنەوەی دایەنگە و باخچەکانی منداڵان دەدرێت”.