جێگری سەرۆکی لیژنەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاندووە ئەمڕۆ شەممە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی عێراق کۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر داخستنی دەوامی قوتابخانە و زانکۆکان، بۆ ماوەی دوو هەفتە دەدات و بڕیارە تەنیا لەڕێگەی ئۆنلاینەوە وانە بخوێندرێت. جەواد مووسەوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەش داوە لیژنەكە پێشنیازی گەڕانەوەش بۆ قەدەغەی هاتوچۆی سنووردار و كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان بۆ نیوە دەکات. لەلایەکی دیکەوە حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە نەجەف رای گەیاندووە دوو رۆژی دیکە دەردەکەوێت، ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا لە عێراق بڵاو بووەتەوە یان نا. وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق نیگەرانیی خۆیشی لە پابەندنەبووونی خەڵک، بە رێکارەکانی خۆپارێزی و بەکارهێنانی دەمامک دەربڕی. حەفتەی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد، دۆخی کۆرۆنا لە عێراق زۆر مەترسیدارە و هاووڵاتییانیش گاڵتە بە ڕێکارە تەندروستییەکان دەکەن.