گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند پڕۆسەى بەستنى پێوەرى زیرەکى کارەبا بەردەوامە و تائێستا 30%ى هاوبەشانى ماڵان ئەو پێوەرەیان بۆ بەستراوە و پڕۆسەکەش زۆر بەباشى بەڕێوەدەچێ. ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “پڕۆسەى بەستنى پێوەرى زیرەکى کارەبا بەردەوامە لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان، تائێستاش زیاتر لە 482 هەزار پێوەر بەستراوە کە دەکاتە نزیکەى 30% ى کۆى گشتى هاوبەشانى کارەبا، بڕیاریشە تاکۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەکە تەواو ببێت و سەرجەم هاوبەشانى کارەباى کوردستان ئەو پێوەرە زیرەکەیان بۆ ببەسترێت”. راشیگەیاند: “پڕۆسەکە زۆر بەباشى بەڕێوەدەچێت و تەواوى پێداویستییەکانیشى بۆ دابین کراوە بۆ ئەوەى لەکاتى دیاریکراودا تەواو بێت، چونکە بەهۆى بەستنى ئەو پێوەرە زیرەکەوە دەتواندرێ کارەبا کۆنترۆڵ بکرێت و بڕێکى باشی وزەش بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە کە ئێستا بەفیڕۆ دەڕوات، بەمەش پێدانى کاتژمێرەکانى کارەبا زیاتر دەبێ”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” لەرێگەى پێوەرى زیرەکەوە تەواوى داتا و زانیارییەکانى هاوبەشانى کارەبا لە ڕێگەى پەیوەندییەوە دەگاتە کۆنترۆڵى کارەبا،بە تەواوى وردەکارییەوە بەمەش چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنى ئاسان دەبێ، لەهەر سەرپێچی و دەستکاریکردنێک کە دەکرێتە سەر تۆڕەکانى کارەبا و پێوەرەکە”.