پەرلەمانتارێکی کوردستان رەخنە لە سەندیکای شوێنەوارناسانی کوردستان دەگرێ و لە رێگەی نووسراوێکەوە کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە بۆ ئەوەی پاشان ئاراستەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و شارەوانی چەند فەرمانگەیەکی دیکە بکرێ، دەنگی ناڕەزایی شوێنەوارناسان سەبارەت بە سەندیکاکە دەگەیەنێت. د. زێدان برادۆستی، شوێنەوارناس و ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “سەندیکای شوێنەوارناسانی کوردستان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا تەواو لە ئەرکی خۆی کە داکۆکیکردنە لە شوێنەوار و شوێنەوارناسانی کوردستان دوورکەوتووەتەوە بە بەڵگەی ئەوەی کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو چەندین ناوچەی شوێنەواری تووشی تێکدان و شێواندن بوونەتەوە، بەڵام سەندیکا نەیتوانیوە ناڕەزایی دەربڕێت و لایەنی دەسەڵات ئاگادار بکاتەوە لە رێگریکردن لە تێکدانی شوێنەوارەکانی نەتەوەکەمان هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی دەستەی سەندیکا نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، بەڵام سەندیکا بەبێ گەرانەوە بۆ پەیرەوی ناوەخۆی و یاسای رێکخراوەکان کەسی دیکەی هێناوەتە جێگایان ئەمەش لادانە لە پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی تایبەت بە رێکخراوە جەماوەری و سەندیکاکان”. گوتیشی: “سەندیکایەک بارەگای لە هەولێر هەبووە، ئەویش ماوەی حەوت ساڵە داخراوە و کاری تێدا ناکرێت، هەروەها لە ماوەی ڕابردوو شوێنەوارناسێک بە ناوی (دڵشاد ) خەلکی سنووری راپەرین لە کاتی هەڵکۆلینی شوێنەواری بەر شۆڤڵ کەوت و بووە یەکەمین شەهیدی شوێنەوارناسانی کوردستان، بەڵام سەندیکای شوێنەوارناسان تەنانەت داکۆکیان لە مافی ئەو شوێنەوارناسە شەهیدە نەکرد و هیچ نووسراوێکی ئیدانە کردنیان دەرنەکرد و نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵسێت، کە ئەمەش لادانی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم و عێراقە”. ئەو پەرلەمانتارە بەردەوام دەبێ لە رەخنەگرتن لە سەندیکای شوێنەوارناسان و دەڵێ: ” لە سایەی ئەم سەندیکایە رۆژ بە رۆژ ناوچە شوێنەوارییەکان بێ کەستر و شوێنەوارناسان بێ مافتر بوون بۆیە گۆرینی دەستەی ئێستای سەندیکا بۆ دەستەیەکی پسپۆر لە بواری شوێنەوارناسی دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی داکۆکیکار لە شوێنەوارەکانی کوردستان و شوێنەوارناسان بهێنێتە کایەوە”. ناوبراو ڕاشیگەیاند: “بەڵێن بە خوێندکاران و شوێنەوارناسان دەدەین بە نووسراو و بە دواداچوونی تایبەت داواکارییەکانیان و بەڵگەی یاسایی و پەیرەوی، بۆ لایەنە پیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فەرمانگەی رێکخراوە نا حکوومیەکان و رێکخراوە جەماوەرییەکانی حزبیەکانیش دەگەیەنین، بۆ بەدەنگەوە ھاتن و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و لەمرۆوە کار لەسەر ئامادەکردنی پێشنیازە یاساییەکی تایبەت بە سەندیکای شوێنەوارناسانی کوردستان دەکەین لە پەرلەمانی کوردستان، ھاوشێوەی سەندیکایەکانی تر کە لە پەرلەمان یاسایان بۆ دەرچووە بۆئەوەی کەس نەتوانێت چیتر پێشێلی پەیرەوی سەندیکا بکات و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی بەکاری بھێنێ، چونکە سەندیکا موڵکی گشتییە و مافی ئەندامێتی تەنیا بۆ ھەڵگرانی بروانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی شوێنەوار”.