راوێژکارى سەربازیى سەرۆکى هەرێمی کوردستان رای گەیاند کە پێویستە پەلە بەکرێت لە واژووکردنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە بەهۆى نەبوونى هەماهەنگى و هاوکارى سەربازى و ئەمنیى نێوان هەولێر و بەغدا، بۆشاییەکى ئەمنیى گەورە لە نێوان هەردوولادا دروست بووە. فەریقى یەکەم، بابەکر زێبارى، راوێژکارى سەربازیى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “گفتوگۆکانى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگریى عێراق پێشوەچوونى باشى بەخۆوە بینیوە و ئەگەرى رێککەوتن نزیکە، بەڵام پێویستە پەلە بەکرێت لە واژووکردنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە بەهۆى نەبوونى هەماهەنگى و هاوکاریى سەربازى و ئەمنیى نێوان هەولێر و بەغدا، بۆشاییەکى ئەمنى گەورە لە نێوان هەردوولادا دروست بووە”. راشی گەیاند: “ئەو بۆشاییە ئەمنییەى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق، هۆکارى سەرەکى گەشەکردن و بەهێزبوونەوەى چەکدارانى تیرۆریستى داعشە لە هەموو عێراق، هەربۆیەش رۆژ لە دواى رۆژ جموجووڵ و هێرشەکانى ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە زیادبووندایە و رۆژانە ئەندامانى سوپا و هاووڵاتییانی سڤیل دەبنە قوربانى”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” زیانمەندى یەکەم لە کردەوە تیرۆریستییەکانى چەکدارانى داعش، ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمە، ئێستا خەڵکى ئەو ناوچانە زۆرینەیان ماڵ و حاڵى خۆیان جێ هێشتووە و لە دۆخێکى دڵەڕاوکێ و سەختى دەروونیدا دەژین، چونکە لە سەروماڵى خۆیان دڵنیا نین”.