مەسعود حەیدەر: هێرشەكانی سەر ناوچەی سەوز دەیسەلمێنن عێراق بێ دەوڵەتە

مەسعود حەیدەر سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئەمشەوی سەر ناوچەی سەوزی بەغدا رایگەیاند كە ئەو لایەنەی بە شێوەی بەردەوام ناوچەی سەوز مووشەكباران دەكات، لە هەموو دەسەڵات و حزبەكانی عێراق و خودی دەوڵەتیش بەهێزترە، راستیەكەی بەردەوامیی ئەم هێرشانە دەیسەلمێنن لە عێراقدا شتێك نییە بە ناوی دەوڵەت. مەسعود حەیدەر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردەوە كە حكوومەتی عێراق بە هەموو دەزگا ئاسایشی و بەرگرییەكانیەوە، بە هەموو حزب و سەركردەكانیەوە ناتوانێ بەر بەو هێرشە مووشەكییانە بگرێت كە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانەوە دەكرێنە سەر ناوچەی سەوز. هەروەها نووسیویەتی ئەم هێرشە مووشەكییانە نەبوونی دەوڵەتی لە عێراقدا بە شێوەیەكی ڕەها سەلماندووە. مەسعود حەیدەر لە كۆتایی تویتەكەشیدا پرسیویەتی “دەبێ چ هێزێك لە پشت ئەم هێرشە مووشەكیانەوە بێت كە لە هەموو دەسەڵاتەكان و حزبەكانی ناو عێراق و خودی دەوڵەتی عێراقیش بەهێزترە؟”.