‘لەمەودوا ئەو کەسانە دەدرێن بە دادگا کە بەبێ بەڵگە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە دادوەرییەکان’

گوتەبێژى سەرۆکایەتى داواکارى گشتیى هەرێمی کوردستان رای گەیاند کە لەمەودوا رێکارى یاسایی بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرینەبەر کە بەبێ بەڵگە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە دادوەرییەکان و لەکەدارییان دەکەن. دادوەر بەشدار مەجید، گوتەبێژى سەرۆکایەتیى داواکارى گشتیى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “ماوەیەکە لەلایەن چەندین کەس و لایەن و دەزگاى راگەیاندنەوە هێرشێکى ناڕەوا دەکرێتە سەر دادوەران و دامەزراوە دادوەرییەکان و داواکارى گشتى، بە لەبەرچاوگرتنى ئەو بارودۆخەى کوردستانى پێدا تێپەڕ دەبێ تائێستا سکاڵامان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک تۆمار نەکردووە”. راشی گەیاند: “لەمەودوا ناچار دەبین رێکارى یاسایی بەرامبەر هەر کەس و لایەنێکدا بگرنەبەر کە بەبێ بەڵگەى یاسایی هێرش دەکەنە سەر دادگا و دامەزراوە دادوەرییەکان و لەکەداریان دەکەن و تانە و تەشەریان لێ دەدەن”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد کە: ” هەر کەسێک بەبێ بوونى بەڵگە هێرش بکاتە سەر دادوەر و دادگاکان دەبێ بەپێى مادەکانى 433 و 434 لە یاسایى سزدانى عێراقى بۆ دادگاى روون بکاتەوە، چونکە ئەگەر نەیتوانى بیسەلمێنێت ئەوا دەتوانین سکاڵاى یاسایی لە دژى بجووڵێنین و بەپێى یاسا سزا بدرێت”.