دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی مێرمنداڵێکی پشتڕاست کردەوە

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، حوکمی سێدارەی ئارمان عەبدوڵاهی، مێرمنداڵی ئێرانی کە چەند ساڵ پێش هاوڕێ کچەکەی خۆی کوشتبوو، دیسان لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە. ئارمان عەبدوڵاهی کە لە کاتی ئەو تاوانەدا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، ساڵی ٢٠١٣ کچە هاوڕێیەکی خۆی بەناوی “غەزالە شەکوور” کوشتووە و دواتر تەرمەکەی لەناو بردووە. بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، ئارمان عەبدوڵاهی، لە دادگای سەرەتاییدا دانی بە کوشتنی کچەکەدا ناوە، بەڵام دواتر حاشای لەو تاوانە کردووە و لەلایەن دادگای تارانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. بڕیار بوو ساڵی ٢٠١٩ ئەو مێرمنداڵە لەسێدارە بدرێت، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە مۆڵەتیان پێ دابوو کە شوێنی شاردنەوەی تەرمی کچەکەیان پێ نیشان بدات. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (شەرق)ی تاران، لە دوایین کۆبوونەوەی داداگاییکردنەکەیدا، حاشای لە کوشتنی ئەو کچە کردووە و ڕای گەیاندووە شوێنی تەرمەکەش پێ نازانێت. ئارمان عەبدوڵاهی لە کاتی ئەو تاوانەدا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە و لەو تۆمەتبارانەیە کە پاش گەیشتن بە تەمەنی یاسایی، بەپێی یاسای سزاکانی ئێران لەسێدارە دەدرێن. پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی سێدارەی ئەو تۆمەتبارە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئەو حوکمە “پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی”یە و ئاشکرای کردووە کە “لێکۆلێنەوەکانی پۆلیس لەو دۆسێدا کەموکووڕیی تێدایە و دادگاییکردنی ئارمان عەبدوڵاهی، پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤە”. بەپێی یاساکانی ئێران لە کاتێکدا مێرمنداڵان حوکمی سێدارەیان بۆ دەبڕدرێتەوە کە ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە کۆنڤانسیۆن (بڕیارنامەی تایبەت بە پاراستنی ماف منداڵان)ی واژۆ کردووە، کەچی هێشتا یاساکانی ئێران لەو باوەرەوە گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە. هەرچەند چەندین جار لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی منداڵان داوا لە ئێران کراوە، واز لە حوکمی زیندان و سێدارەی منداڵان بهێنێت، بەڵام ئێران پشتگوێی دەخات و ساڵانە لەو وڵاتە حاڵەتەکانی زیندانی ونسێدارەی مێرمنداڵان تۆمار دەکرێت.