پەرلەمانی توركیا، كە نزیکەی ٦٠٠ پەرلەمانتاری هەیە، بە هۆی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دەیان پەرلەمانتاری HDP، لە هەڵوەشانەوە نزیك بووەتەوە. داواكاری گشتیی توركیا، داوانامەیەكی داوەتە پەرلەمانی توركیا، تا پارێزبەندی لەسەر ٢٨ پەرلەمانتاری HDP هەڵبگیرێت، چونكە تۆمەتی تیرۆریستبوونیان دراوەتە پاڵ. پێ دەچێت پەرلەمان هەڵگرتنی پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە بخاتە دەنگدانەوە و لە دەنگدانیشدا پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، ئەمەش وا دەكات پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە. بە گوێرەی دەستووری توركیا و لە مادەی ٧٨دا، بە ڕوونی ئەوە ئاشكرا كراوە كە پەرلەمان لە كاتێكدا هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر ٥٪ی پەرلەمانتاران پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و مافی پەرلەمانتارییان لێ بسەندرێتەوە. ئەو ٥٪ دەكاتە ٣٠ كورسی پەرلەمانی لە كۆی ٦٠٠ كورسی، ئێستاش ١٦ پەرلەمانتاری HDP مافی پەرلەمانتارییان لێ سەندراوەتەوە و بەشێكیان لە زیندانن و بەشێكیش چوونەتە دەرەوەی توركیا. ئەگەر بێت و لەو ٢٨ پەرلەمانتارەی کە بڕیارە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، ١٤یان دوای سزادانیان بە زیاتر لە یەک ساڵ زیندان، مافی پەرلەمانتارییان لێ بسەندرێتەوە، ئەوكات دەبێت پەرلەمانی توركیا هەڵبوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. بەڵام دوو مەرج دانراوە لە ئەگەری ئەوەی ٣٠ پەرلەمانتار ئەندامییەتییان لێ بسەندرێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە: یەكەم: نابێت یەك ساڵ بمێنێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، واتە ئەگەر لە ٢٠٢١دا ٣٠ پەرلەمانتاری HDP ئەندامەتییان لێ بسەندرێتەوە، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام ئەگەر پرسەکە بکەوێتە ساڵی ٢٠٢٢وە، ئەوكات توركیا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ساڵێك دەمێنێت بۆ کاتی یاسایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە ٢٠٢٣یە. دووەم: ئەگەر بێت و پەرلەمانتارەكان پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا، بەڵام سزادانەكەیان بۆ كاتێكی تر دوا خرا، تا ئەوكاتەی ساڵێك بمێنێت بۆ هەڵبژاردن، ئەوكاتیش پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە.
پەرلەمانی توركیا لە هەڵوەشانەوە نزیكە
