ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق سووربوونی خۆی لەسەر دەستپێشخەری گفتوگۆی نیشتمانی لە نێوان لایەنە عێراقییەكان دووپات كردەوە و رایگەیاند دەكرێ لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانی دانیشتنی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاماژەی بەوە دا كە دوێنێ دەستپێشخەری گفتوگۆی نیشتمانی راگەیاند لە دوای سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان و ئامادەن بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لە پێناو داهاتووی عێراق. هەروەها گوتیشی كە دەكرێ لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆ نیشتمانییەوە، تەواوی كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێنە چارەسەركردن. جێی باسە ئەم لێدوانەی ئەمڕۆی كازمی لە كاتێكدایە كە دوێنێ لە دوای راگەیاندنی دەستپێشخەرییەكەی، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانییان بۆ دەستپێشخەرییەكە راگەیاند.
مستەفا كازمی: بە گفتوگۆی نیشتمانی كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێن
