ئەمڕۆ چوارشەممە یەكێتیی ئەورووپا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ئێراندا كرد، ئەگەر حكوومەتی ئەم وڵاتە بەردەوام بێت لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری بە تاران دەدات كە ئەگەر بەردەوام بێت لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ، ئەوا یەكێتیی ئەورووپا سزای بەسەردا دەسەپێنێت. لە بەننامەكەدا هاتووە كە یەكێتیی ئەورووپا سزا بەسەر چەند كەسایەتی و كیانی تێوەگلاو لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێراندا دەسەپێنێت. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رای گەیاندووە كە زۆر نیگەرانن لە پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە تایبەتی پێشێلكارییەكان دەرهەق بە ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین. جێی باسە بەر لە دوو هەفتەش جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبەردەم ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ رای گەیاندبوو كە زۆر نیگەرانن لە چارەنووسی نەسرین سوتودە پارێزەری ئێرانی و داواشی كردبوو فەریبا عادلخا توێژەری فەرەنسی ئێرانی ئازاد بكرێت، كە چەند مانگێكە لە تاران دەستبەسەرە.
یەكێتیی ئەورووپا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا دەكات
