دوێنێ چوارشەممە تیمێکی پزیشکی بیانی گەیشتنە ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەری بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “ئەو تیمە لە وڵاتی ئێرانەوە ھاتوون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجەوە بانگهێشتکراون بەمەبەستی پشکنین و چارەسەرکردنی ئەو قوربانیانەی کە لە کیمیابارانی هەڵەبجە زیانیان بەرکەوتووە و ماوەی سێ ڕۆژ لە کوردستان دەمێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەکارییەکانمان کردووە و ناوی بەرکەوتووانمان تۆمار کردووە و بە لیستێک پێشکەشی تەندروستی هەڵەبجەمان کردووە”. راشیگەیاند: “(٩٧٢) کەس لای ئێمە تۆمار کراون کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین، بەڵام ئەو تیمە بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی کەم دەمێننەوە ناتوانن لەو ماوە کورتە (٩٠٠) کەس ببینن، بەمەش مافی بەشێکی زۆر لەو نەخۆشانە دەخورێت کە شایستەن و بئ بەش دەبن لە پشکنینەکان”. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو “لە ڕابردوودا لە ڕێگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە (٣٥) قوربانیمان ڕەوانەی وڵاتی ئێران کرد بەمەبەستی چاندنەوەی گلێنەی چاو، بەڵام ئێستا کە بەشێکی زۆری بەرکەوتووان دانیشتووی سلێمانی و دەوروبەرین لە بینینی ئەو تیمە بێبەش دەبن، چارەسەر و دەرمانەکانیش لەلایەن تەندروستیی هەڵەبجەوە دابین دەکرێت”.
تیمێکی پزیشکیی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستانن بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی
