لە كۆنگرەی AKPدا بڕیار لەسەر گۆڕینی كابینەی حكوومەت دەدرێت

ڕێکەوتی ٢٤ی٣ی٢٠٢١ پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و بڕیاریشە لەو كۆنگرەیەدا چەندین بابەتی هەستیار یەكلایی بكرێنەوە، كە دیارترینیان گۆڕینی كابینەی ئێستای حكوومەتە و هێنانە پێشەوەی كەسانی تازەیە. رۆژنامەی (بیرگون)ی توركی لەمبارەوە بڵاوی كردووەتەوە، یەكێك لەو وەزارەتانەی كە لە كۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدرێت كە وەزیرەكەی بگۆڕن (وەزارەتی دارایی و ئابووریە)، هەروەها وەزیرانی گەشتوگوزار و كولتوور و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیش گۆڕانیان بەسەردا دێت. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەمجارەیان AKP دەیەوێت ئەو كەسانە بكاتە وەزیر، كە ئەندام پەرلەمان نین، هەروەها لە كۆنگرەشدا دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند. ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەری زۆر هەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان دووبارە بەرات ئالبەیراك زاوا گەورەكەی بهێنێتە پێشەوە و بیكاتە وەزیری سامانە سروشتییەكان و وزە، بەشێكی زۆری ناو AKP بەم بڕیارە رازین. بڕیارە هەر لە كۆنگرەدا باس لە داخستن و دانەخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) بكرێت، كە بەشێكی زۆری سەركردایەتیی ئەو پارتە داوا دەكەن HDP دانەخرێت، چونكە داخستنی ئەو پارتە لە باكووری كوردستان زیان بە بنكەی جەماوەریی AKP دەگەیەنێت.