لە كەركووك بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا

شەوی ڕابردوو لە شاری كەركووك ئۆتۆمبێل هاووڵاتییەكی گەنجی کردووە بە ژێرەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە و شۆفێرەکەش هەڵاتووە و پۆلیسیش دەڵێت لە هەوڵی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەدان. ئوسامە محەمەد، ئەفسەری هۆبەی ڕاگەیاندن، لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی  هاتوچۆی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی عەسكەری شاری كەركووك، شۆفێرێك بە ئۆتۆمبیلەوە هاووڵاتییەكی گەنجێکی کردووە بە ژێرەوە و بەهۆیەوە ئەو  هاووڵاتییە گیانی لەدەست داوە.” گوتیشی: “لە ئەمڕۆوە دووشەممە 15ی3ی2021وە بۆ دەستگیركردنی ئەو شۆفێرە، مەفرەزەمان پێك هێناوە و هەوڵەكانمان چڕتر كردووەتەوە.”  ئەو ئەفسەرەی بەشی راگەیاندن ڕاشی گەیاند: “لە ماوەی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا ئەوە یەكەم حاڵەتی لەو جۆرەیە كە شۆفێرێك پاش ڕووداوی هاتوچۆ  هەڵبێت.”