خامنەیی پەیامێک بۆ بەشار ئەسەد و ئەسمای هاوسەری دەنێرێت

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا، هیوای چاکبوونەوە بۆ سەرۆکی رژێمی سووریا و هاوسەرەکەی، دەخوازێت. عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ شەفیق دەیوبی باڵوێزی نوێی ژێمی سووریا لە تاران، پەیامێکی خامنەیی بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا، گەیاندووە دەیوب. عەلی خامنەیی لە پەیامەکەیدا، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بەشار ئەسەد و ئەسما ئەسەدی هاوسەری خواستووە، کە هەفتەی رابردوو سەرۆکایەتیی سووریا تووشبوونی هەردووکیانی بە پەتای کۆرۆنا، راگەیاند. عەلی ئەکبەر ویلایەتی رایگەیاندووە، سووریا کۆڵەگەیەکی بەرەی مقاوەمەیە و هەماهەنگیی رژێمی سووریا و حکوومەتی ئێران گەشەسەندوو و ستراتیژییە. ویلایەتی شەڕی ناوخۆیی سووریای بە شەڕی داسەپاوی ”تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەرێمی“ بەسەر گەل و رژێمی سووریا، ناوبردووە. راوێژکاری عەلی خامنەیی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ناردنی تیمێکی پزیشکیی تایبەت و پسپۆڕ بۆ چارەسەرکردنی بەسار ئەسەد و ئەسمای هاوسەری، نیشان داوە. بەرەی مقاوەمە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی شیعەمەزهەبی عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێک دێت و بەردەوام بانگەشەی دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکەن.