‘کۆچی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە’

بەرپرسێکى فەرمانگەى هەماهەنگى حکوومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهۆى خراپى دۆخى ژیان و گوزەرانیان و بێهیوابوونیان لە حکوومەتی عێراق کۆچی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە. عەلى عیسا، بەڕێوەبەرى داتا و زانیاریى فەرمانگەى هەماهەنگى و قەیرانەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “هەرچەندە حکوومەتى عێراق لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و داخستنى کامپەکان، بەڵام بە هۆى بێ هیوابوونى خەڵک لە حکوومەتی عێراق و خراپى دۆخى ژیان و گوزەرانیان، بەشێکى زۆرى ئاوارەى کامپەکانى هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئامادەنین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان”. راشیگەیاند: “ئەو ئاوارانەى لە کامپەکانى هەرێمدا دەژین لە پارێزگا جیاجیاکانى عێراقەوە ئاوارە بوونە و بەهۆى نەبوونى ئاسایش و ئارامى ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە بەشێک لەو شوێنانەى بەهۆى شەڕەوە وێران بوونە، تائێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە و وێرانەن، ئەمەش بە گوتەى ئاوارەى کامپەکانى هەرێمی کوردستان”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” لە برى گەڕانەوەى ئەو کەسانەى حەفت ساڵە لە کامپەکاندا دەژین،رۆژانە ئاوارەى نوێ روو لە کامپەکانى هەرێمی کوردستان دەکەن، بەجۆرێک تەنیا لەماوەى مانگێکدا زیاتر لە 265 خێزان کە دەکاتە هەزار و 206 کەس ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە حکوومەتى عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە ئاساییکردنەوەى دۆخى ژیانى ناوچە چۆڵکراوەکان”. ئەوەشى خستەڕوو” حکوومەتى هەرێمی کوردستان ئاسانکارى تەواوى کردووە بۆ پێشوازیکردن و لەخۆگرتنى زیاتر لە 750 هەزار ئاوارە، کە تەنیا لەشارەکانى عێراقەوە روویان لە کامپەکانى سنوورى هەرێم کردووە، جگە لە 250 هەزار ئاوارە و پەنابەر کە لە سوریاوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە”.