ئیسرائیل دوو کۆگای چەکی میلیشیا ئێرانییەکان بۆردومان دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو کۆگای میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا، بۆردومان دەکات. درەنگدانی شەوی سێشەممە 16-3-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆردومان کرد. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، کە دوو شوێنە بۆردومانکراوەکە کۆگای چەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بوون. میدیاکانی رژێمی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، کە سیستەمی بەرگریی سوپای رژێم بەرپەرچی بۆردومانەکەی داوەتەوە. ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە بە ناردنی چەک و میلیشیا، پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپە چەکدارییەکان دەکات و ئیسرائیلیش بەردەوام بنکە و بارەگاکانی ئەو میلیشیایانە، بۆردومان دەکات.