پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) كە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) یە، داوای كردووە بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیا كەم بكرێتەوە، بۆ ئەمەشیان خەریكی ئامادەكارین تا لەسەر رێژەیەك رێك بكەون. موحەرەم ساری كایە نووسەر لە رۆژنامەی (خەبەر تورك)، لەمبارەوە ئاشکرای کردووە MHP داوای كردووە بەربەستی هەڵبژاردن لە ١٠٪ەوە بكرێتە ٥٪، بەڵام AKP لەگەڵ ئەو رێژەیە نییە و پێی باشە بەربەستی بەردەم هەڵبژاردن بکرێتە ٧٪. ساری كایە پێی وایە لە كۆتاییدا هەردوو پارت رێك دەكەون لەسەر ٥٪، چونكە MHP داكۆكی لەسەر ئەو رێژەیە دەكات. هەروەها MHP پێشنیاری كردووە، هەر پارتێك دەنگەكانی نەگاتە ٥٪، بۆی نییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیدی هەبێت، تەنیا ئەو پارتانە بۆیان هەیە كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتی هەبێت، كە رێژەی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردندا بگاتە ٥٪. بە گوێرەی ئەنجامی زۆرێك لە دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، MHP ئاستی جەماوەریی دابەزیوە و ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، دەنگەکانی دەگاتە ٥ بۆ ٦ ٪، بۆیە دەیەوێت بەربەستی هەڵبژاردن هەتا ئەو ئاستە دابەزێنێت.
لە توركیا ئامادەكاری بۆ كەمكردنەوەی بەربەستی هەڵبژاردن دەكرێت
