وەزارەتى کارەبا: لەمەودوا کرێى کارەبا بە سیستەمى پێوەرى زیرەک وەردەگیرێت

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە مەودوا بەپێى پێوەرى زیرەک پسولەى مانگانەى کرێى کارەبا وەردەگیرێت، کە سیستەمێکى پێشکەوتووە و بەهیچ جۆرێک هەڵەى تێدا ناکرێت. ئومێد ئەحمەد، بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “لەمەودوا کرێى مانگانەى کارەباى هاووڵاتیان بەپێى سیستەمى پێوەرى زیرەک لە هاوبەشانى کارەبا وەردەگیرێت، کە پێشتر بەپێى خوێندنەوەى رەونووسەکانى پێوەرە میکانیکییەکە هەژمار دەکرا”. راشیگەیاند: “دواى ئەوەى ساڵى رابردوو دەستکرا بە بەستانى پێوەرى زیرەکى کارەبا بۆ هاوبەشان،لە ئێستادا زیاتر لە 550 هەزار پێوەرى زیرەک داندراوە، کە دەکاتە 35%ى کۆى گشتى هاوبەشانى کارەباى هەرێمى کوردستان، لە کۆتایی ئەمساڵیشدا پڕۆسەى بەستانى پێوەرى زیرەک کۆتایی دێت”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بە تەواوبوونى ئەم سیستەمە بڕێکى زۆرى وزەى کارەبامان بۆ دەگەڕێتەوە، جگە لەمەش بەتەواوى کارەبا و تۆڕەکانى کارەبا کۆنترۆل دەکرێن و دەپارێزرێن لە هەرجۆرە سەرپێچى کردنێک بۆ سەر تۆڕەکان و پێوەرى زیرەک لە لایەن هاوبەشانەوە، ئەم سیستەمە زۆر پێشکەوتووە و بەهیچ شێوەیەک هەڵە ناکات بۆیە بۆ هەردوولا هەم هاووڵاتى و هەم حکوومەت سوودى هەیە”. ئەوەشى خستەڕوو: “لەم مانگەوە کرێى کارەبا بە پێوەرى زیرەک وەردەگیرێت، ئەو هاووڵاتیانەشى تائێستا پێوەرى زیرەکیان بۆ نەبەستراوە هەربە پێى پێوەرە میکانیکییەکە پارەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت تا کاتى بەستانى پێوەرى زیرەک بۆیان”.