لە سنووری كەركووك هەوڵی بە قاچاخ بردنی ٣٦ هەزار لیتر نەوت شكستی هێنا، شۆفێری تانكەرێك و دوو كەسی تر بەم هۆیەوە دەستگیر كران. ئەمڕۆ هەینی هێزە ئەمنییەكانی سنوورەكە رایانگەیاند كە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، ڕێگریان لە بە قاچاخبردنی ٣٦ هەزار لیتر نەوت كردووە، كە هەوڵ دەدرا لە ناوچەی سەقزلی سەر بە كەركووك بگوازرێتەوە. بەم هۆیەوە شۆفێری ئەو تانكەرەی نەوتەكەی هەڵگرتبوو دەستگیر كرا، هەروەها دوو كەسی تری بەشداربووش بە ئۆتۆمبێلێكی تاهۆوە دەستگیر كران، كە چەكێكی كڵاشینكۆف و ١٨ هەزار و ٢٠٠ دۆلاریان پێگیراوە. جێی باسە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بە قاچاخبردنی نەوتی كەركووك لەلایەن گرووپە مافیاكان و چەكدارە میلیشیاكانەوە بەردەوامە، زۆر بە كەمی لێرە و لەوێ لە كاتی بردنی نەوتی كەركووكدا، بەشێك لە قاچاخچیەكان دەستگیر دەكرێن.
كەركووك… دەست بەسەر ٣٦ هەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا
