سەرکردە ئیخوانییەکانی میسر هەوڵی هەڵاتن لە تورکیا دەدەن

بەهۆی لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و میسر، سەرکردەکانی رەوتی ئیخوان موسلیمینی میسر هەوڵی هەڵاتن لە تورکیا دەدەن. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، دەسەڵاتدارانی تورکیا داوایان لە ئۆپۆزیسیۆنی میسر، کە زۆرینەیان سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینن، کردووە لێدوانە توندەکانیان دژی حکوومەتی میسر نەرم بکەنەوە و هەندێک بەرنامەی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانیان رابگرن. سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەرکردەکانی ئیخوانی میسر بەهۆی دروستبوونی مەترسیی ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەوڵی هەڵاتن لە تورکیا دەدەن و لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیشیاندا، ئاماژەیان بە رووکردنە ئەسیوپیا داوە. ئەسیوپیا وڵاتێکی ئەفریقییە و بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکی گەورە لەسەر رووباری نیل، لەگەڵ میسر تووشی کێشەیەکی گەورە بووە. چەند هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی تورکیا و میسر هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن و یەکێک لە مەرجەکانی میسریش، دەرکردنی سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین و رادەستکردنەوەیانە بە وڵاتەکەی خۆیان. دوای لەسەرکار لادانی محەمەد مورسی لە سەرۆکایەتیی میسر لە ساڵی 2013، حکوومەتی میسر رەوتی ئیخوان موسلیمینی خستە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتەش پەنایان بۆ تورکیا برد.