سلێمانی.. لە یەکەم رۆژی نەورۆز سێ‌ کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە ماڵان دەستگیر كران

لەدوو رووداوی جیادا مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە ویستبوویان لەماڵان دزی بكەن. پۆلیسی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوت زانیارییان پێگەیشت كە لەگەڕەكی چوارباخ لەشاری سلێمانی دوو تۆمەتبار بەنیازن بچنە ناو ماڵێكەوە و دزییان لێبكەن دەستەبەجێ‌ مەفرەزەكان گەیشتنە شوێنی مەبەست و دوای هەڵهاتنیان توانرا لەكەمترین ماوەدا هەردوو تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە بە تۆمەتباران بووە”. هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، لە رووداوێكی تردا لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی تۆمەتبارێك لەناو ماڵێكدا لەكاتی دزیكردنەكەیدا دەستگیركرا. روونیشکراوەتەوە، کە لە ئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران (أ، أ، ح) لەدایكبووی 1982، (د، أ، أ) لەدایكبووی 1977 و (أ، ح، ع) لەدایكبوی 1992. كە كوردن و دانیشتووی شاری سلێمانین بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.