ڕووسیا چەند ناوچەیەکی لە نزیک سنووری تورکیا بۆردومان کرد

دوێنێ یەکشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی بەشار ئەسەدیان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا و لە نزیک سنووری تورکیا بۆردومان کردووە. میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە ڕووسیەکان لە نزیک کەمپێکی پەنابەرانی سووری کە هاوسنووری تورکیایە، مووشەکێکی ڕووسی لە نزیک شاری (قاح)ی تورکیا کەوتووەتە خوارەوە. هاوکات کارگەیەکی غاز لە نزیک شاری (سەرمەدا) لە پارێزگای ئدلبی سووریا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیاوە کراوەتە ئامانج کە تا ئێستا لەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە. ئەو هێرشانەی رووسیا لە کاتێکدان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند گوللە هاوەن و گوللەتۆپێک لەلایەن سوپای ئازادی سووریاوە نەخۆشخانەیەکی دەوروبەری حەلەب کرایە ئامانج کە تێیدا لانیکەم پێنج کەسی سڤیل و ١٤ کارمەندی تەندروستیی نەخۆشخانەکە بوونە قوربانی و لەناو کوژراوەکاندا ژن و منداڵێک هەبووە. یووسف حەموود، گوتەبێژی سوپای ئازادی سووریا بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی راگەیاندووە: “کە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بەردەوامن و چەند مووشەکێکی بالستیک ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج”. ئدلب دوایین ناوچەیە کە ئێستا لەژیر کۆنترۆڵی دژبەرانی بەشار ئەسەد دایە کە سوپای سووریا بە پشتیوانیی ڕووسیا و ئێران و هاوپەیمانانی دیکەی بەشار ئەسەد هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی دەدە و هاوکات تورکیاش پاڵپشتیی سوپای ئازادی سووریا دەکات.