ئەمڕۆ هەینی 26/ 3/ 2021 عەمید ترکی مالکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رای گەیاندووە، هێزەکانی سعوودیە 8 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ئێرانیان تێکشکاندووە، کە هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەی نەوتیی جازان. جەختیشی کردووەتەوە، ئەم دەستدرێژییەی میلیشیا حووسییەکان بۆ سەر وێستگەی نەوتیی جازان، کردەوەیەکی تێکدەرانە و ترسنۆکانەیە و مانای ڕەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی ریازە. ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعوودیە (واس) لەزاری مالکییەوە گواستوویەتییەوە، ئەم هێرشەی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر وێستگەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە جازان، کردەوەیەکی تێکدەرانە و ترسنۆکانەیە، تەنیا سعوودیەش ناکاتە ئامانج، بەڵکوو ئابووریی جیهانی و ئاسایشی هەناردەی نەوتی لە ناوچەکە و ئازادیی دەریاوانی و بازرگانیی جیهانی ئەکاتە ئامانج. ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە. جەختیشی کردووەتەوە، ئەم کردەوەیەی میلیشیا حووسییەکان، بە مانای رەتکردنەوەی تێکڕای هەوڵە سیاسییەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و تەنگژەی یەمەن، بەتایبەتی کە سعوودیە دەستپێشخەریی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو تەنگژانە و گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیری سیاسی. ئەمڕۆ هەینی 26/ 3/ 2021 یەحیا سەریع، گوتەبێژی گرووپی (ئەنساروڵا) سەر بە میلیشیا حووسییەکان رای گەیاندووە، کۆمپانیای ئارامکۆیان لە سعوودیە بۆردومان کردووە. سەریع راشی گەیاندووە، لەو کردەوەیەدا بە 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، کۆمپانیای ئارامکۆیان لە رەئس ئەلتەنوورە و یەنبەع و رابغ و جیزان و بنکەی سەربازی لە دەمام بۆردومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە: هێرشیکی میلیشیا حووسییەکان تێکشکێندرا
