هاوپەیمانیی سائیرون، کە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رێبەرایەتیی دەکات، رایدەگەیەنێت، ”دەنگە بەکرێگیراوەکان“ لە پەسەندنەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بەرپرسن. لە بەیاننامەیەکدا، هاوپەیمانیی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندووە، رەخنەی توندی لەو پەرلەمانتارانە گرتووە، کە لەمپەر لەبەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دروست دەکەن. سائیرون پێیوایە ئەو پەرلەمانتارانە، کە ؛سەر بە لایەنی ناسراون“، لەڕێگای پرۆژەیاسای بودجەوە مزایەدەی میدیایی دەکەن و هەوڵی بەلاڕێدابردنی رای گشتی دەەن. هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو کوتلە و پەرلەمانتارانەی رێگری لە پەسەنکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەکەن ”دووڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتین و دەنگی بەکرێگیراوی بێنرخن، کە ئەجێندای وڵاتانی دەرەکی جێبەجێ دەکەن“. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29-3-2021، بەهۆی سووربوونی بەشێک لەلایەنە عەرەبییە شیعەکان لەسەر دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی پڕۆژەیاسای بودجە پەسند بکات و کۆبوونەوەی بۆ ”کاتێکی نادیار“ دواخست.
سائیرون: دەنگە بەکرێگیراوەکان بەرپرسن لە پەسەندنەکردنی پرۆژەیاسای بودجە
