نووسەرێكی سەر بە AKP: هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی لۆزان و سیڤەر ئەگەرێكی بەهێزە

زۆر جار رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، ڕێككەوتنی لۆزان بە شكست بۆ توركیا و مستەفا كەمال ئەتاتورك ناو دەبات، چونكە بەشێكی زۆری خاكی توركیایان لەدەست چووە، نووسەرێكی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) دەڵێت هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی لۆزان و سیڤەر ئەگەرێكی بەهێزە. حاجی یاكشكلی، نووسەری رۆژنامەی (یەنی ئاكید)ی سەر بە AKP، لە تازەترین نووسینیدا رەخنەی لەو كەسانە گرتووە كە دژی هەڵوەشاندنەوەی (رێككەوتنی ئیستەنبۆڵن)، كە تایبەتە بە پاراستنی مافی ئافرەتان. ئەو نووسەرە نووسیویە: “هەر بڕیارنامەیەك كە دەردەچێت لە دەسەڵاتی سەركۆمارە و ئەو چ بڕیارێك بدات، دەبێت جێبەجێ بكرێت. تەنانەت سەركۆمار بۆی هەیە رێككەوتنی لۆزان و سیڤەریش هەڵبوەشێنێتەوە و لە دەسەڵاتی ئەو دایە و ئەو دەسەڵاتەش لە هەڵبژاردندا میللەت پێی داوە، بۆیە (رێككەوتنی ئیستانبۆڵ) هەڵوەشانەوەی لە دەسەڵاتی سەركۆمار دایە”. لە بەشێكی تری نووسینەكەیدا، حاجی یاکشکلی باسی لە مادەی ٨٠ی (رێككەوتنی ئیستانبۆڵ) کردووە كە بە شێوەیەكی ئاسایی ماف بە هەر ئەندامێك دەدات کە لەو رێككەوتنە بكشێتەوە. هەروەها باسی باسی لە رێككەوتنی لۆزان و سیڤەر کردووە کە میللەت ئەو دەسەڵاتەی بە سەركۆمار داوە لەو رێككەوتنانەش بكشێتەوە و كشانەوەش مومكینە و ئەگەرێكی بەهێزە. رێككەوتنی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی  ١٩٢٣ لە شاری لۆزان لە سویسرا ئیمزا كرا، بە ئامادەبوونی فەڕەنسا و بەریتانیا. لەو رێككەوتنەدا سنووری توركیا دیاری كرا و چەند دوورگەیەكی لە یۆنان لێ سەندرایەوە، هەروەها كەركووك و مووسڵ و هەولێر و سلێمانیش كەوتنە سەر عێراق، كە ئەوكات لەژێر داگیركاریی توركیادا بوو، هەروەها حەلەب و چەند شارێكی تریش لە توركیا سەندرانەوە و  خرانە سەر سووریا. ئەتاتوركەكان و چەند پارتێكی سیاسی، شانازی بەو رێككەوتنەوە دەكەن و دەڵێن سنووری توركیا دیاری كراوە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان بە شكستی دەزانێت. زۆر جار ئەردۆغان دەڵێت چاومان لە خاكی هیچ وڵاتێك نییە، بەڵام لە لایەكی ترەوە دەڵێت لە لۆزان غەدر لە توركیا كراوە و مافی خواراوە، دەبێت ئەو مافە لەسەر دەستی خۆی بۆ توركیا وەربگرێتەوە.