هێزەکانی هاوپەیمانان پشتیوانیی خۆیان بۆ پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە

بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند جموجۆڵى چەکدارانى داعش زۆر زیادى کردووە و هاوپەیمانانیش پاڵپشتى خۆیان بۆ پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە لە هەمبەر مەترسییەکانى داعش. لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەرپرسى رۆشنبیرى و هۆشیارى نیشتیمانى لە وەزارەتى پێشمەرگە بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بە هۆى ئەوەی کە هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە سەر پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنیی نێوانیان بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئەو بۆ شاییە ئەمنییە بووەتە پەناگەیەکى گرنگ بۆ خۆرێکخستنەوەى داعش و رۆژ لە دواى رۆژیش مەترسییەکانى سەر هاووڵاتیانى ئەو ناوچانە زیاتر دەبێ”. راشیگەیاند: “دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابردوو بە مووشەک هێرش کرایە سەر سەنگەرەکانى پێشمەگە لە سەرچاوەیەکى نادیارەوە، هاوپەیمانان هاتوونەتە سەرهێڵ و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بارەى هێرشەکە و پاڵپشتى خۆیان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە دووپاتکردەوە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” هاوپەیمانان بە وردى چاودێریی ناوچە کوردستانییەکان دەکەن و هەرکاتێکیش هەست بە مەترسى بکەن ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، وەک ئەو ئۆپەراسیۆنەى کە لەچەند رۆژى رابردوو ئەنجامیاندا، چونکە سوپاى عێراق وەکو پێویست نەیتوانیوە دۆخى ئەمنیى ناوچەکە بپارێزێت”.