هێڤیدار ئەحمەد: سەرۆك بارزانی ڕێنمایی بە سەرۆک وەزیران و سەرۆكی هەرێم دابوو هیچ بیانووەك بۆ عێراق نەهێڵنەوە

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی رای گەیاند سەرۆك مەسعود بارزانی ڕێنمایی بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابوو كە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتن، هیچ بیانووەك بۆ عێراق نەهێڵنەوە. هێڤیدار ئەحمەد لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (كوردستان ٢٤) ئاماژەی بەوە دا كە سەرۆك مەسعود بارزانی ڕێنمایی بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابوو هیچ بیانووەك بۆ عێراق و ئەوانەش نەهێڵنەوە كە لەسەر ئاوازی عێراقی دەخوێنن، بەڵكو قسە لەگەڵ تیمی هەرێمی كوردستان بكەن تا لەگەڵ لایەنی عێراقی بگەنە ڕێككەوتن. گوتیشی “ئەوانەی دەڵێن سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان فاشیل بووە، ئەی ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتی نەبوایە یان نەوتی خۆی دەرنەهێنابا، ئەوكات عێراق چی دەكرد؟ ئایا مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرد و مووچەی بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد؟”. پەرلەمانتارەكەی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە و دەڵێ بەڵكو ئەوە سیاسەتی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، ئەو لایەنەی زۆرترین خەڵكی كوردستان دەنگیان پێداوە، وای كرد عێراق ناچار بێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێك بكەوێت.