گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دابینکردنى دەرمانى قڕکەرى مێروو و دابەشکردنى بەسەر جووتیارانى کوردستان بێ بەرامبەر. حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بە هۆى دەرکەوتنى مێرووى سن و کیسەڵە بۆ نێو زەوییەکى کشتوکاڵییەکانى چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان، مەترسى لەسەر بەروبوومى ئەمساڵى ئەو جووتیارانە دروست بووە، چونکە ئەو جۆرە مێرووە زیانێکى زۆر بە بەروبومى کشتوکاڵى دەگەیەنێت بەتایبەت دانەوێڵە”. راشیگەیاند: “ئەو ناوچانەى ئەمساڵیش بەڕێژەیەکى زۆر مێرووەکەى لێدەرکەوتووە هەر یەک لە دەشتى هەریر و باتاس و کۆیە لە سنوورى هەولێر، دەشتى شارەزوور لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەرێژەیەکى زۆر ئەو مێرووەى تێدا دەرکەوتووە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بە ئامانجى بەهاناوەچوونى جووتیاران و پاڵپشتیکردنى بەروبوومى ناوخۆیی، وەزارەتى کشتوکاڵ بڕە پارەیەکى تەرخانکردووە بۆ کڕینى دەرمانى قڕکەرى مێروولە،هەوڵەکانیشیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا دەرمانەکە بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیاراندا دابەش بکەن”.
وەزارەتى کشتوکاڵ: بێ بەرامبەر دەرمانى قڕکەرى مێروو بۆ جووتیاران دابین دەکەین
