گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە هۆى کەمى رێژەى باران بارینەوە ئەمساڵ پێشبینى وشکەساڵى دەکرێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵیش وەزارەت چەند پێشنیازێک دەداتە ئەنجوومەنى وەزیران. حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “لە کۆبوونەوەى دوێنێ سێشەممەی وەزارەتدا بابەتى وشکەساڵى بە فراوانی گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت ئامادەکاریی دەکات بۆ ئامادەکردنى چەند پێشنیازێک بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵى، چونکە بە هۆى کەمى رێژەى باران بارینەوە پێشبینى دەکرێ ئەمساڵ وشکەساڵى لە چەند ناوچەیەکى هەرێمی کوردستان رووبدات”. راشیگەیاند: “هەرچەندە تا ئێستا وشکەساڵى بە تەواوى رووى نەداوە، بەڵام نیشانەکانى وشکەساڵى لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان دەرکەوتوون، بۆیە لە ئەگەرى روودانى وشکەساڵى و بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى ئەو دیاردەیە چەند پێشنیازێک گەڵاڵەکراون”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” لە ئەگەرى روودانى وشکەساڵى وەزارەت پلانى هەیە ئاو لە چەند ناوچەیەک و قەرەبووکردنەوەى جووتیاران، لە کۆبوونەوەى داهاتووى وەزارەتیش رێگاچارە و پێشنیازەکان زیاتر تاوتوێ دەکرێن”.
وەزارەتى کشتوکاڵ: پێشبینی دەکرێ ئەمساڵ وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ڕووبدات
