وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوی ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٢١ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ ئۆتۆمبێل و پیادە لە لە كاتژمێر 08:00ی شەو تاوەکو 6:00ی بەیانی دراوە. ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:- یەكەم: قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەرین و گەرمیان و گشت یەكە كارگێڕییەكانیان لە كاتژمێر 08:00ی شەو تاوەکو 6:00ی بەیانی. دووەم: بەدەر لە خاڵی (یەكەم)ى سەرەوە، رێگە دەدرێت بە هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN) و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران و ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان و تیمە تەندروستیيەكان و كۆمپانیاكانی نەوت و كۆمپانیاكانی پەیوەندییەكان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و رۆژنامەوانان، ئەوانەی لە ئەركی فەرمیدان. سێیەم: دەرمانخانە ئێشكگرەكان بە كراوەیی دەمێننەوە. چوارەم: ئاڵۆگوڕی بازرگانی بەردەوام دەبێت لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانى هەرێم لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق. پێنجەم: بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی هەردوو بەیانمان ژمارە (12 و 13) جگە لەو بڕگانەی كە ناگونجێت لەگەڵ خاڵی (یەكەم)ی سەرەوە. شەشەم: پێویستە ژووری ئۆپەراسیونەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و گشت یەكە كارگێڕییەكانی دیکە، ئەم بەیانە جێبەجێ بكەن. حەوتەم: ئەم بەیانە لە رێكکەوتی 08-04-2021 لە کاتژمێر 08:00ی شەو، تاوەکو رێكکەوتی 12-04-2021 کاتژمێر 08:00ی شەو جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ: لە 8ی شەو تاوەکو 6ی بەیانی قەدەغەی هاتوچۆیە
