سلێمانی.. یەكێك لە بریندارەکانی شەڕەكەی پیرەمەگروون گیانی لە دەست دا

بەرپرسێكی تەندروستی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەینی لە سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروونی سەر بە سلێمانی بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵەوە شەش كەس بریندار ببوون، شەوی ڕابردوو یەكێك لە بریندارەكان گیانی لە دەست داوە. سامان نادر، بەرپرسی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەینی 9ی4ی2021، لە سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروونی سەر بە سلێمانی، شەش هاووڵاتی لە شەڕی دوو بنەماڵەدا بەهۆی گوللە و بەردەوە بریندار ببوون، بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كران”.  گوتیشی: “سەرەتا ئاگادار كراینەوە كە شەڕی نێوان دوو خێزان بووەتە هۆی   برینداربوونی چوار كەس، بەڵام دواتر دەركەوت كە بریندارەکان شەش کەسن و هۆكاری كێشەكەشیان لەسەر ئاو بووە”. سامان نادر ئەوەشی خستە ڕوو: “درەنگانی شەوی ڕابردوو یەكێك لە بریندارەكان بەناوی محەمەد ئەبووبەكر تەمەن 23 ساڵ گیانی لەدەست داوە”.