ئەمڕۆ چوارشەممە حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران ڕای گەیاند لە دوێنێوە بڕیاری دابینكردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكیان داوە بۆ كڕینی پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەرەوەی وڵاتەكە، دووپاتیشی كردەوە پێكوتەكە بە خۆڕایی بە هاووڵاتییان دەدرێت. رۆحانی لە كۆبوونەوەی حكوومەتەكەیدا، پەسنی پرۆژەی گۆڕانكاری لە سیستەمی تەندروستیی وڵاتەكەی كرد و ڕای گەیاند ئەگەر بەر لە هەشت ساڵ چاكسازییان لە سیستەمی تەندروستی نەكردبا، ئەوا ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادا تووشی ئاستەنگی زۆر گەورە دەبوونەوە. سەركۆماری ئێران كە وڵاتەكەی بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر، زۆر دواكەوتووە لە كڕینی پێكوتەی كۆرۆنا، لە كاتێكدا یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنایان هەیە لە ناوچەكەدا، ڕای گەیاند كە دوێنێ ڕەزامەندی لەسەر كڕینی پێكوتەی كۆرۆنا دراوە بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی. رۆحانی ئاشكرای نەكردووە لە چ وڵاتێك و چ جۆرە پێكوتەیەكی كۆرۆنا دەكڕن، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد پێكوتەكە بە خۆڕایی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكەن. سەركۆماری ئێران ئەوەشی راگەیاند كە دڵنیا نین لەوەی پێكوتەی كۆرۆنا كۆتایی بە پەتایەكە دەهێنێت یان شەپۆڵی تری گۆڕاوی پەتاكە سەرهەڵدەدات، بۆیە نازانن كەی پەتایەكە كۆتایی دێت، ئاماژەشی بەوەدا كە وڵاتەكەی و جیهانیش ئێستا لە ساتی ڕووبەڕووبوونەوەی چوارەمین شەپۆڵی پەتاكەدایە. ئەوەشی گوت كە حكوومەتەكەی هەر زوو دەستپێشخەری كرد بۆ كڕینی ١٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار پێكوتەی كۆڤاكس، بەڵام بە هۆی ئابڵووقەی ئەمریكاوە، كێشەیان بۆ دروست بوو لە كڕینی پێكوتەكە، گوتیشی “گەلی ئێران بە باشی هەست بە تاوانەكانی ئەمریكا دەكات”.
حكوومەتی ئێران ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی پێكوتەی كۆرۆنا تەرخان كرد
